یانەی هەولێر: خەونی نازناوی خولی ئەستێرەکان زیندووە

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2026-01-01
یانەی هەولێر: خەونی نازناوی خولی ئەستێرەکان زیندووە
وەرزشی هەولێر

یانەی هەولێر: خەونی نازناوی خولی ئەستێرەکان زیندووە

یانەی هەولێر وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق پێشکەش کردووە. خەونەکە گەورە بووەتەوە و ڕاهێنەر و سەرۆکی یانەکە مژدەی ئەوە بە هاندەران دەدەن کە دەتوانن ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە بکەن.

باسم قاسم چۆن شکۆی یانەکەی گەڕاندەوە

دوور لە چاوەڕوانییەکان و لەو کاتەی هاندەرانی هەولێر خەمی گەورەیان داخستنی دەرگای یانەکە بوو، باسم قاسم گەورە ڕاهێنەری عێراق بە تەنیا چوار مانگ توانی شکۆی یانەکە بگەڕێنێتەوە. ئەو سەلماندی جەنەڕاڵە و دەتوانێت کاری گەورە بکات. ئیمپڕاتۆر کاتێک دەستی بە ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ کرد، هەموو یانەکانی عێراق گرێبەستی باشیان کردبوو و لەنێو کەمپی ڕاهێنان لە وڵاتانی دەرەوە بوون. ڕاهێنەر و یاریدەدەرەکانی هەولێر هاتن لە خاڵی سفرەوە دەستیان پێکرد، ڕۆحیەتی یەک ماڵباتی و شەڕکردن لەپێناو درێسە زەردەکەیان لەنێو تیپەکەیاندا چاند.

هەولێر دێوەزمە بۆ یانەکانی عێراق

ئێستا هەولێر بووەتە دێوەزمە بۆ هەموو یانەکانی عێراق. ئەو بیڕوبڕاکەیان گۆڕیوە کە پێشتر وابوو دەبێت دەیان ملیار خەرج بکرێت بۆ ئەوەی ئەنجامی باش هەبێت. ئەمە باسم قاسمە، سەرکردایەتی لەشکرێک دەکات کە لە شوڕتەی زەبەلاح و پاڵەوانی دوو وەرزی ڕابردووی عێراق دەباتەوە. هەر ئەویشە گوێی بە گرێبەستە زەبەلاحەکانی گەرمە نەدا و بە زەوی دادا.

ئاماری یانەکە لە خولەکەدا

درێسە زەردەکان لە لووتکەی ئاستبەرزیدان و بەکۆکردنەوەی 23 خاڵیان هەیە. حەوت یارییان بردووەتەوە و دوو یاریی یەکسانبوون. لە دوایین گەڕی خولەکەدا، هەولێر لەنێو یاریگەی خۆیدا بەبێ ئامادەبوونی هاندەرانی لە یانەی نەفتی میسانی بردەوە بە ئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر.

قسەکانی ڕاهێنەر

دوای یارییەکە، باسم قاسم لەبارەی کارکردنی لە چوار مانگی ڕابردوودا گوتی: "ئێمە بە ئەزموونی زۆردا ڕۆیشتین، بەڵام سوپاس بۆ خوا پاڵپشتمان بوو. ئەوەی لەم ماوەیە لە هەولێر سەرکەوتووبین شتێکە شانازی پێوەدەکەین. ئەگەر پشتگیری هاندەران نەبووایە بێگومان بەدەستمان نەدەهێنا." ئەو هەروەها گوتی: "هاندەران لە قورسترین بارودۆخەکان لەگەڵمانبوون، ئەگەرچی ئامادەسازییەکانمان لە باشترین دۆخدا نەبوون. بەڵام ویستی ئەوەمان هەیە کە یاریزانەکانمان باشتر بکەین و یاریزانی دیکە بێنین."

پلانەکانی بازاڕی گواستنەوە

بڕیارە ڕۆژی پێنجی ئەم مانگە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکرێتەوە و مانگێک بخایەنێت. یانەی هەولێر دەیەوێت پێکهاتەکەی توکمەتر بکات. ڕاهێنەری هەولێر زیاتر ڕوونیکردەوە: "ئێمە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یاریزانێکی ئۆزباکستانی دەهێنین و لەوانەیە دوو یاریزانی پێشەگەر و یاریزانی ناوخۆییش بێنین. پێموایە ئەمانە هێزی تیپەکەمان زیاتر دەکەن و وامان لێدەکات لە ڕیزەکانی پێشەوەی ڕیزبەندیی خولەکەدا بمێنینەوە."

قەیرانی دارایی و قەرزەکان

وەرزی ئەمساڵ سەرەڕای بوونی ئەنجامێکی باش، ترسی قەیرانی دارایی هەیە. بەڵام دەستەی کارگێڕیی یانەکە توانیویەتی ماف و مووچەی یاریزانان بە تەواوی بدات. تەنها کێشەیەک ئەوەیە کە زیاتر لە ملیارێک دینار قەرزاری ڕاهێنەر و یاریزانانن کە وەرزی ڕابردوو یارییان بۆ یانەکە کردووە و مافەکانیان وەرنەگرتووە.

بەڵێنی سەرۆکی یانەکە

سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر، زۆر بە متمانەوە قسەی کرد و جەختی کردەوە: "ئەمساڵ دەمەوێت نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق ببەمەوە و بەشداری پاڵەوانێتییەکی دەرەوە بکەین. لەسەر بەڵێنی خۆمم و دەمەوێت ڕکابەری بکەین." ئەو باسی لە قەرزەکانیش کرد و گوتی: "ڕاستە قەرزارین و ملیارێک دینارمان پێویستە، بەڵام مافی کەس ناخۆین. پارێزگاری هەولێر بەڵێنی پێدواین کە هەموو قەرزەکان بدەینەوە و هاوکاریمان دەکات."

یارییەکەی داهاتوو

یانەی هەولێر ڕۆژی یەکشەممە لەنێو یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی جەوییە دەکات. هاندەرانی هەولێر گەشبینن و دەیانەوێت ئاهەنگ و شەوێکی لەبیرنەکراو لە یادەوەری خۆیان تۆمار بکەن.

مێژووی درەوشاوەی یانەکە

یانەی هەولێر خاوەنی 4 نازناوی خولی عێراقە و دوو جار پلەی دووەمی لە جامی یەکێتیی ئاسیا بەدەستهێناوە. ئەمساڵیش دوای تێپەڕبوونی 9 گەڕ، پێشەنگی ڕیزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە.