ئەحمەد شەرع پەیوەندیی بە سەرۆک بارزانییەوە کرد؛ "کورد سەرەکییە لە سووریا"

له‌لایه‌ن: - ئەربیل 360 ئەربیل 360 - به‌روار: 2026-01-09
ئەحمەد شەرع پەیوەندیی بە سەرۆک بارزانییەوە کرد؛ "کورد سەرەکییە لە سووریا"
ناوچەکە و جیهان

ئەحمەد شەرع پەیوەندیی بە سەرۆک بارزانییەوە کرد؛ "کورد سەرەکییە لە سووریا"

بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ هەینی، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە سەرۆک بارزانییەوە کردووە.

تاوتوێی پێشهاتە سیاسییەکان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دوایین پێشهاتە سیاسیەکانی سووریا و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە خرایە بەر باس و هەردوولا جەختیان لە بایەخی سەقامگیری و هەماهەنگیی هاوبەش کردەوە.

شەرع: کورد پێکهاتەیەکی رەسەن و سەرەکیی گەلی سووریایە

ئەحمەد شەرع، وەکو بارەگای بارزانی دەڵێت، ئەوەی دووپات کردەوە کە کورد پێکهاتەیەکی رەسەن و سەرەکیی گەلی سووریایە و جەختی لە پابەندبوونی تەواوی دەوڵەتی سووریا بۆ گەرەنتیکردنی هەموو مافە نیشتمانی و سیاسی و مەدەنییەکانی کورد لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی سووریا بە شێوەیەکی یەکسان و بێ جیاوازی کردەوە.

پشتیوانی سەرۆک بارزانی بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی گشتگیر

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ ئەو تێڕوانینەی ئەحمەد شەرع هەبووە و پشتیوانی خۆی بۆ ویست و ئاواتی سووریەکان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێک راگەیاند کە هەموو لایەن و پێکهاتەکان بگرێتەخۆ و تێیدا هاوبەش بن. هەروەها جەختیشی لە پێویستی بەردەوامیی راوێژ و هەماهەنگی کردەوە ئەویش لەپێناو رەچاوکردنی بەرژەوەندیی هەموو لایەک و پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.

دەقی تەواوی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی

ناوەڕۆکی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆک بارزانی و سەرۆکی سووریا، ئەحمەد ئەلشەرع

رۆژی هەینی 9ی کانوونی دووەمی 2026، ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سووریا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆک بارزانییەوە کرد.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دوایین پێشهاتە سیاسیەکانی سووریا و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە خرایە بەر باس و هەردوولا جەختیان لە بایەخی سەقامگیری و هەماهەنگیی هاوبەش کردەوە. هەروەها سەرۆک شەرع ئەوەی دووپات کردەوە کە کورد پێکهاتەیەکی رەسەن و سەرەکیی گەلی سووریایە و جەختی لە پابەندبوونی تەواوی دەوڵەتی سووریا بۆ گەرەنتیکردنی هەموو مافە نیشتمانی و سیاسی و مەدەنییەکانی کورد لەگەڵ پێکهاتەکانی تری سووریا بە شێوەیەکی یەکسان و بێ جیاوازی کردەوە.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ ئەو تێڕوانینەی سەرۆک شەرع هەبوو و پشتیوانی خۆی بۆ ویست و ئاواتی سووریەکان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێک راگەیاند کە هەموو لایەن و پێکهاتەکان بگرێتەخۆ و تێیدا هاوبەش بن. هەروەها جەختیشی لە پێویستی بەردەوامیی راوێژ و هەماهەنگی کردەوە ئەویش لەپێناو رەچاوکردنی بەرژەوەندیی هەموو لایەک و پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.