پێشبینیی کەشناسی: ئەمڕۆ بەفر و باران دەبارێت

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2026-01-01
پێشبینیی کەشناسی: ئەمڕۆ بەفر و باران دەبارێت
ناوچەکە و جیهان

پێشبینیی کەشناسی: ئەمڕۆ بەفر و باران دەبارێت

کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات کە ئەمڕۆ لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باران ببارێت و لە بەشێکیشی بەفر ببارێت. کەشناسی دەڵێت لە 24 کاژێری ڕابردوودا زۆرترین بەفر لە کانی ماسێ لە پارێزگای دهۆک باریووە کە 38 سانتیمەتر بووە. کەشناسێکیش پێشبینی دەکات شەممە کەشووهەوا سەقامگیر بێتەوە و لە سێشەممەوە پلەی گەرما بەرزبێتەوە.

پێشبینیی ئەمڕۆی پێنجشەممە

کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: "نمەباران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت. لە ناوچە شاخاوییەکان و ئەو ناوچانەی نزیکن لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت."

ناوچەکانی بەفربارین

لەبارەی ئەو ناوچانەی ئەمڕۆ بەفریان لێدەبارێت، کەشناسی هەرێمی کوردستان پێشبینی کردووە کە جگە لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان، لەم شوێنانەش بەفر دەبارێت: - مێرگەسۆر - ئامێدی - سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران - بەشێک لە ئیدارەی ڕاپەڕین - چیای سەفین لە پارێزگای هەولێر کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە: "پێشبینیی بارینی بەفر و کڕێو دەکرێت لە سەنتەری دهۆک و دەوروبەری و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ. لە شەودا بارینی بەفر و باران و کڕێو زیاتر دەبێت."

پێشبینیی کەشی سبەی هەینی

کەشناسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشووهەوای سبەی هەینی دەڵێت: "لە کاتەکانی بەیانیدا کاریگەری شەپۆلی بارانبارین و بەفربارین لەسەر ناوچەکەمان بەردەوام دەبێت، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییەکان. شەو کاریگەری شەپۆلەکە لاواز دەبێت و کۆتایی دێت."

سەقامگیربوونی کەش لە شەممە

شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، ڕایگەیاند: "شەوی هەینی کەشەکە بەرەو سەقامگیری دەڕوات، بەڵام کاریگەری لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی تاوەکو بەرەبەیانی شەممە بەردەوام دەبێت و لە شەممەدا تەواوی هەرێمی کوردستان کەشەکەی ئاسایی دەبێتەوە."

گۆڕانکاری لە پلەی گەرما

بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرما ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ یەک بۆ سێ پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە. هەروەها سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ یەک بۆ سێ پلە نزم دەبێتەوە. شاڵاو هیدایەت گوتی: "تاوەکو نێوەڕاستی هەفتە واتە دووشەممە سەرمای تووند بەردەوام دەبێت، بەڵام لە سێشەممەوە پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما بەگوێرەی ڕۆژ پلە بە پلە بەرزبێتەوە."

بەفربارینی 24 کاژێری ڕابردوو

کەشناسی ئامارەکانی بەفربارینی 24 کاژێری ڕابردووی بڵاوکردووەتەوە بەم شێوەیە: - کانی ماسێ: 38 سانتیمەتر - ئامێدی: 29 سانتیمەتر - مانکیش: 25 سانتیمەتر - سەرسنگ: 25 سانتیمەتر - بامەڕنێ: 23 سانتیمەتر - باتیفا: 20 سانتیمەتر - چەمانکێ: 20 سانتیمەتر - دێرەلووک: 16 سانتیمەتر - شیلادزێ: 14 سانتیمەتر - زاوێتە: 12 سانتیمەتر - دینارتە: 4 سانتیمەتر - دەرکار: 2 سانتیمەتر - پیرمام: 1 سانتیمەتر - زاخۆ: 1 سانتیمەتر - دهۆک: 0.3 سانتیمەتر

پلەی گەرمای سبەی هەینی

کەشناسی پلەی گەرمای سبەی لە باشووری کوردستان بەم شێوەیە دیاری کردووە: - کەرکووک: 9 پلەی سیلیزی - گەرمیان: 8 پلەی سیلیزی - هەولێر: 7 پلەی سیلیزی - هەڵەبجە: 6 پلەی سیلیزی - دهۆک: 5 پلەی سیلیزی - سلێمانی: 4 پلەی سیلیزی - زاخۆ: 4 پلەی سیلیزی