ئەربیل 360
بڕیارە ئەمڕۆ هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، بەرپرسێکی باڵای یەکێتی لەوبارەیەوە دەڵێت: قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە شاندەکەی پارتی دەکات.
پارتی و یەکێتی بەمەبەستی پێكهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند جارێک کۆبوونەتەوە و تاوەکو ئێستا لەسەر چەند خاڵێکی هاوبەش ڕێککەوتوون، ئەوەی ماوەتەوە گفتوگۆکردنە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان.
سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئەربیل 360ی وت: بڕیارە کاتژمێر 10ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی باڵای پارتی سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکات.
ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە ئەربیل 360ی ، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێمە، ئەمڕۆ شاندی پارتی سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر دەکەن و شاندەکەی ئێمە هەمان شاندی پێشوو دەبێت. وتیشی، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت زۆر خێراتر دەکات.
سەرچاوەیەک لە شاندی دانوستانکاری پارتی بە ئەربیل 360ی وت، سەردانەکەی ئەمڕۆ وەک شاندی دانوستانکاری پێکهێنانی حکومەت نابێت، بەڵکو لە چوارچێوەی سەردانی شاندی پارتییە بۆلای لایەنەکان.
شاندەکەی پارتی پێکهاتوون لە هۆشیار زێباری و پشتیوان سادق. بە وتەی سەرچاوەکەی یەکێتی، قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ پێشوازی لە شاندەکەی پارتی دەکەن.
ئامانج لە سەردانەکە گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.