دوو ملیار دیناری دیکە بۆ گرفتەکانی کەمئاوی لە دەورووبەری هەولێر تەرخان دەکرێت

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2025-05-12-15:58:00 - کۆدی بابەت: 6
دوو ملیار دیناری دیکە بۆ گرفتەکانی کەمئاوی لە دەورووبەری هەولێر تەرخان دەکرێت
هەواڵەکانی هەولێر

ئەربیل 360

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیدا لەسەر خەرجکردنی دوو ملیار دیناری دیکە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی ئاو لە دەورووبەری هەولێر، بۆ هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوی هەولێر و دەورووبەری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆیە.
 
ئەگەرچی لە سەنتەری پارێزگای هەولێر پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر تا کۆتایی ئەمساڵ دەتوانێت کۆتایی بە زۆرێک لە کێشەکانی کەمئاوی بهێنێت، بەڵام هێشتا لە دەورووبەری هەولێر هەندێ شوێن گرفتی کەمئاویان هەیە. لە پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی ئەو گرفتە و کێشەی کارەبای دەورووبەری هەولێر کرا.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە سەر ڕەزامەندى سەرۆکى حکومەت، بڕی دوو ملیار دینارى دیکە وەک فریاگوزاریى بۆ چارەسەرکردنى کەموکوڕى و گرفتەکانى ئاو لە دەورووبەری هەولێر تەرخانکرا. هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران کارەبای 24 کاتژمێری بۆ بیرەکانی دەورووبەری هەولێر دابین بکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندى قەیرانەکانى پارێزگا ڕاسپێردرا لە ڕێگەى تەنکەر ئاویان بۆ دابین بکرێت، پلانەکە بە جۆرێکە نابێ کەمترین کێشەی کەمئاوی بمێنێت.
 
پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە کێشەی کارەبا دەڵێت: بەڕێوەبەرایەتی کارەبای هەولێر ڕاسپێردراوە، ئەو ناوچانەی لە دەورووبەری هەولێرن بە یەکسانی کارەبای نیشتمانیان بەسەردا دابەش بکرێت و داواش لە وەزارەتی کارەبا کراوە پشکی هەولێر بۆ دابین کردنی کارەبای نیشتمانی وەک خۆی بەبێ لێبڕین دابین بکرێت.



40 بینین