قیرتاوكردنی شەقامی 100 مەتریی هەولێر دەستیپێكرد

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2025-11-13-18:54:00 - کۆدی بابەت: 14
قیرتاوكردنی شەقامی 100 مەتریی هەولێر دەستیپێكرد
هەواڵەکانی هەولێر

دیمەنی دووبارە نۆژەنکردنەوەی شەقامی 100 مەتری شاری هەولێر

ئەربیل 360

كارەكانی قیرتاوكردنی شەقامی 100 مەتریی هەولێر دەستیپێكرد، پارێزگاری هەولێریش دەڵێت: لەسەرەتای دەستپێكردنی پرۆژەی نۆژەنكردنەوە و قیرتاوكردنی شەقامەكە، گوژمەی سێ ملیار و 550 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە.

لەچوارچێوەی گرنگیدانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ باشتركردنی ژێرخانی ڕێگاوبان، لەپاڵ دروستكردنی دەیان شەقامی سەرەكی و ڕێگای نێوان شار و شارۆچكەكان، هەڵمەتێكی فراوان بۆ نۆژەنكردنەوەی شەقامەكانی ناو شارەكان دەستیپێكردووە، بەئامانجی بەرزكردنەوەی كوالێتی ڕێگاكان تاوەكو بگاتە ئاستی ستانداردی نێودەوڵەتی، لەو چوارچێوەیەشدا دوو مانگ لەمەوبەر كارەكانی نۆژەنكردنەوەی شەقامی 100 مەتریی هەولێر كە بە یەكێك لە شەقامە سەرەكییەكانی شارەكە دادەنرێت دەستیپێكرد كە قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە لە چوار ڕییانی مەخموورەوە تاوەكو چوار ڕییانی مووسڵ، دەگرێتەوە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە ئەربیل 360ی ڕاگەیاند، لەسەر بودجەی ئاسایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستكرا بە قیرتاوكردنی شەقامی 100 مەتریی هەولێر، گوژمەی پرۆژەكەش سێ ملیار و 550 ملیۆن دینارە.

پارێزگاری هەولێر وتیشی، سەرجەمی شەقامی 100 مەتری نۆژەن دەكرێتەوە كە بەشێوەی بازنەیی بەدەوری هەولێر دەخوولێتەوە، قۆناغی یەكەمی نۆژەنكردنەوەكەش  لە چوارڕیانی مەخموور تاکو چوارڕیانی مووسڵ بەدرێژی 8 كیلۆمەتر بەهەردوو دیوی شەقامەكە لەم نزیكانە بەكۆتا دێت.



23 بینین