ئەربیل 360
چاوەڕوان دەكرێت بۆ جەژنی ڕەمەزان ژمارەیەكی زۆر گەشتیار لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە گەشتی شاری هەولێر بكەن و قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێریش دەڵێت، ئارامییە نموونەییەكەی هەولێر هۆكارێكی سەرەكیی هاتنی گەشتیارانە.
لەگەڵ هاتنی جەژنی ڕەمەزان كە هاوكات لەگەڵ نەورۆز و بەهار، چاوەڕوان دەكرێت تاوەكوو دوای جەژن دەیان هەزار گەشتیار لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە گەشتی شاری هەولێر و ناوچە گەشتیارییەكانی بكەن.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە ئەربیل 360ی ڕاگەیاند: بە هۆی ئەوەی ئەمساڵ مانگی ڕەمەزان و جەژنی نەورۆز هاوكات بوون، كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیار لە هەرێمی كوردستان هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە شاری هەولێر چەند فێستیڤاڵ و چالاكییەك لە مانگی ڕەمەزان ئەنجام دران كە كاریگەرییان بۆ ڕاكێشانی گەشتیاران هەبووە، هاوكات لەگەڵ هاتنی جەژنی ڕەمەزانیش ژمارەیەكی زۆر گەشتیار ڕوو لە شاری هەولێر دەكەن.
ئەو ئامارانەی ڕادەگەیێنرێن بریتین لە ئاماری ئەو كەسانەی كە لە بازگەكان و یاخود لە ڕێگەی فڕۆكەوە دێنە نێو سنووری شاری هەولێر و زۆرینەیان بۆ مەبەستی گەشتیارییە.
چەند هۆكارێك هەن بۆ هاتنی گەشتیار لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، یەكێك لە سەرەكیترین هۆكارەكان، ئەو ئارامییەیە كە لە شاری هەولێر هەیە و لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە هاوشێوەی نییە و نموونەییە، لە دەروازەكانەوە ڕێككارە ئەمنییەكان دەستپێدەكات و تا ڕۆیشتنەوەی گەشتیار بەردەوام دەبێت.