ئەربیل 360
بە هەوڵی دامودەزگاكانی حكومەت و هاووڵاتیان لە ماوەی 20 ساڵدا ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر نزیك دەبێتەوە لە ستانداردی جیهان و ئێستا %20ی تێپەڕاندووە.
لە هەرێمی كوردستان فەرمانگە و دەزگای فەرمیی هەن كە ئەركی سەوزكردنی شارەكان و بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزاییان لە ئەستۆیە ئەوانیش، شارەوانی و ژینگە و ئەندازەی پاركەكانن، ئەمە سەرەڕای بەرزیی ئاستی هۆشیاریی هاووڵاتیان سەبارەت بە گرنگیی سەوزایی و پاكڕاگرتنی ژینگە بۆ بەردەوامیی ژیان و تەندروستییەكی باش، ئێستا هەولێر كە پایتەختی هەرێمی كوردستان نزیك دەبێت لەو ڕێژە سەوزاییەی كە بەپێی ستانداردی جیهانی دەبێت شارە گەورەكان هەیانبێت.
ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر بە ئەربیل 360ی ڕاگەیاند: هەرچەندە ژینگەی هەولێر بەراورد بە چەند ساڵی ڕابردوو پیستر بووە، بەڵام لە ڕووی ڕێژەی سەوزاییەوە زۆر زیاتر بووە، 20 ساڵ پێش ئێستا ڕێژەكە 3% بوو، بەڵام ئێستا بووەتە 20%، تەنیا لە ماوەی پێنج ساڵی كابینەی نۆ 2.5% ڕێژەكە زیادی كردووە، ئەمەش هێمایە بۆ ئەوەی كە لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا چ هەوڵێك هەبووە بۆ بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزایی و پاككڕاگرتنی ژینگە.
بەپێی ستانداردی جیهانیی پێویستە شارە گەورەكان ڕێژەی سەوزییان نزیكەی %30 بێت، ئێستا كە لە هەولێر ڕێژەی %20 تێپەڕیوە، پڕۆژەیەكی گرنگیش هەیە بۆ بەرزكردنەوەی بەرچاوی ڕێژەكە ئەویش پشتێنەی سەوزاییە.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر بە ئەربیل 360ی ڕاگەیاند: پشتێنەی سەوزایی هەولێر بەشێوەی بازنەیی بە چواردەوری هەولێر دەسوڕێتەوە و دەکەوێتە دوای شەقامی 150 مەتری، پانیی پشتێنەکە دوو کیلۆمەترە و لەگەڵ پشتێنەکە زیاتر لە 10 پۆند دروست دەکرێن، پشینیازکراوە ملیۆنان داری زەیتون و فستق بچێنرێن، چونکە ئاویان کەم دەوێت و بەرهەمەکانیان داهاتی زۆرە و ئەمە بە یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی ماستەرپلانی هەولێر دادەنرێت.