ئەربیل 360
کارەکانی پرۆژەی ڕێگای هەولێر - گۆمەسپان 30٪ تەواو بوون، دیزاینی پرۆژەکە بەو جۆرە کراوە، هیچ هەوراز و نشێوی و چەمانەوە لەو ڕێگایەدا نامێنێت.
ڕێگای هەولێر - گۆمەسپان، ڕێگایەکی ستراتیژیی گرنگە، هەولێر دەبەستێتەوە بە چواریانی گۆمەسپان، درێژیی ڕێگاکە 16 کیلۆمەترە و دوو سایدە، هەر ئاراستەیەکی سایدەکان پانی 10.75مەترە و لە دوو ڕێڕەو لەگەڵ ڕێڕەوی فریاگوزاری پێکهاتووە.
پرۆژەکە لە 6/14/2025 دەستی بەکارەکانی کردووە، لە هەموو بەشەکانی کارکردن بەردەوامە و چی گرد و بەرزایی هەیە ئەبڕن و چی نزمایی و ڕێڕەوی باران هەیە پردی لەسەر دروست دەکرێت، بۆ ئەوەی ڕێگایەکی دوو سایدی تەختی لەسەر دروست بکرێت.
ئەندازیار ئەمیر عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پرۆژەکانی ڕێگاوبان لە هێمن گروپ بە ئاڤا میدیای گوت، دیزاینی پرۆژەکە بەم جۆرە کراوە جیاواز لە ڕێگا کۆنەکە هیچ بەرزایی و نزمایی و چەمانەوەی ناڕێکی تێدا نابێت، بەشێوەیەک بە درێژایی ڕێگاکە خێرایی 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت، ئێستا لە هەموو بەشەکانی پرۆژەکە کارکردن بەردەوامە و 30٪ کارەکانی تەواو بووە.
پرۆژەی ڕێگای هەولێر – گۆمەسپان ئەم بەشانەی لەخۆگرتووە:
- 50 ئاوبەری سندووقی بە درێژی و قەبارەی جیاواز.
- شەش بەرزە پرد.
- یەک ژێرپرد.
- بە سێ چین قیرتاو بە ئەستووریی 21 سانتیمەتر، دوو چین بەردی شکاو بە ئەستووریی 30 سانتیمەتر، دوو چین تێکەڵە بە ئەستووریی 40 سانتیمەتر.
ڕێگاکە گشت پێکهاتە و بەشەکانی دیکەی وەک سیستمی ئاوەڕۆ، دیواری پاڵپشت، پرژینی خۆپاراستن، هێماکانی هاتووچۆ و هێڵکاری لەخۆدەگرێت.
600 ئامێری جۆراوجۆر لە دروست کردنی ڕێگاکە بەکاردەهێنرێن، دوو هەزار کرێکاریش کار لە پرۆژەکە دەکەن کە هەر هەموویان دەستی کاری ناوخۆن.
ئەم ڕێگایە یەکێک لە دەروازە سەرەکییەکانی شاری هەولێر و بەشێکە لە ڕێگای سەرەکی هەولێر - کۆیە، هاوکات بەشێکە لە ڕێگای سەرەکی هەولێر - ئیدارەی ڕاپەڕین و هەولێر – سلێمانی، بە تەواوبوونی کارئاسانی زۆر بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانیان، گەشتیاری و بازرگانی دەکات.
37 بینین